بنکەیەکی هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کرایە ئامانج
بەشی سووریا- هێرش کرایە سەر بنکەی تەنفی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانیی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەلتەنف کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا جێگیرە، هاوپەیمانان دەڵێن هێزەکانیان بەرپەچی ئەو هێڕشانەیان داوەتەوە.

هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانیان رێگریان لە یەکێک لە فڕۆکەکان کردووە و یەکێکی تریشیان لەناو "کۆمەڵگەی سوپای کۆماندۆ" تەقاندووەتەوە، لە بارەی ئەو کۆمەڵگە سەربازییەوە وتی، " کوتلەیەکی ئۆپۆزسیۆنە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ناوچەی ئەلتەنەفی سووریا جێگیرکراوە."

ئەوەشی خستەروو، هیچ هێرشێکی دیکە سەرکەوتوو نەبووە لە ڕووبەرووبوونەوەی ئەو بنکەیە، هەتا ئێستاش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ لایەنێكی تۆمەتبار نەکردووە.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە هاوپەیمانێتیەکە، ئەم کردەوەیەی بە "دوژمانیەتی" لە قەڵەم دا.