بۆ ڕێگری کردن لە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق، باشتر وایە پەکەکە خاکی ئەم وڵاتە چۆڵ بکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێگەکانیان لە عێراق بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعید مەمۆزینی لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "بەغدا الیوم"، ڕایدەگەیەنێت، بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق بیانوویەک دەداتە سوپای تورکیا بۆ بەردەوامبوون لە بۆردوومان کردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: باشتر وایە هێزەکانی پەکەکە بۆ ئەوەی لە شەڕی کورد-کورد دوور بکەونەوە، پێگەکانیان لە عێراق چۆڵ بکەن.

مەمۆزینی جەختیشی كردەوە، هێرشی دووبارەی توركیا بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و دژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان كارێكی نەشیاوە و دەبێت بەرەنگاری ببینەوە.