ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیێندراوێک لەبارەی گیراوانی بادینان بڵاو دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواکاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر دایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، 30 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا باس لەوە دەکەن، زیندانیانی بادینان پاش ئەوەی ئەحکامی مەرجەکانی بەربوونی مەرجدار دەیانگرێتەوە کە لە مادەی 331ی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکاندا هاتووە، پێویست بو کارڕایی ئازاد کردنیان بۆ ئەنجام بدرایە بەڵام بەداخەوە "بەمەبەست و پێشێلکردنی یاسا هێڵدراونەتەوە لە کونجی زینداندا. بۆیەش ماوەی 26 ڕۆژە زیندانیانی بادینان مانیان گرتووە و دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە".

ئەوەش هاتووە، "لەبەر ئەوە دەبوو بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر ئەرکی فەرمانبەری خۆی ڕاپەڕاندایە و کارڕایی بەردانی مەرجداری ئاڕاستەی داواکاری گشتی بکردایە، ئەرکی داواکاری گشتیشە بەزووترین کات مامەڵەکانیان ئاڕاستەی دادگای کەتن بکات تا کاروبارەکانیان ڕایی بکرێت و ئازاد بکرێن و یاسا سەروەربێت و بەپێی یاسای داواکاری گشتیش دەبێت داواکاری گشتی بێلایەنانە کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، ئێمەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کە لە خوارەوە واژۆمان کردوە داوا لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین لێکۆڵینەوەی جددی لە داواکاری گشتی چاکسازی گەورانی هەولێر بکات بەهۆی کەمتەرخەمی کردنی لە ئەرکی چاودێری کردن لە سستی کارڕاییەکان ."

ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا دەڵێن: "داوا لە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین کە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی جددی بکات لە بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر سەبارەت بە کەمتەرخەمی کردنی لەڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا، هەروەها داوا لە سەرۆکی دەستەی دەسپاکی دەکەین بەزوترین کات دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لەو فەرمانبەرانەی کە کەمتەرخەمییان کردوە لە ئەرکەکانیاندا. لێرەوە بۆ ڕایگشتی ڕادەگەیەنین سەلامەتی گیانی گیراوانی بادینان لە ئەستۆی داواکاری گشتی چاکسازی و بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی هەولێر دایەو و هەر مەترسیەک لەسەر ژیانی ئەو زیندانیانە دروست ببێت دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان."

News Code 6724

Your Comment

You are replying to: .
captcha