ئاستی کاریگەریی هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا

بەشی جیهان- هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ڕووسیا و ئەمریکا و پاش دژایەتیی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ هێرشی بەربڵاوی سەربازی بۆسەر باکووری سووریا، ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام ئەمە تەنها بەشێکە لە شەڕی تورکیا دژ بە کوردەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا زیادی کردووە. ئەم هێرشە کوشندانە لەبری بە ئامانج گرتنی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەکە، تەرکیزی لەسەر بە ئامانج گرتنی هێزەکانی سووریا دیموکرات کردووە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانیی سەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان لە دژی داعش لە سووریا و زیاتر لە هەر گرووپێکی دیکە ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە بووەتە هۆی لەناوبردنی لقە سوورییەکانی داعش.

هاوپه‌یمانیی نێودەوڵەتی به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا به‌رده‌وام ستایشی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و قوربانیدانیان له‌ شه‌ڕی هاوبه‌شیان دژ بە داعش.

لە لایەکی دیکەوە تورکیا ئەو گرووپە بە سەرکردایەتی کورد بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت کە پێوەندییەکی دانەبڕاوی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەیە و چەندین جار بەڵێنی داوە هەر رێوشوێنێک بگرێتەبەر، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بۆ نەهێشتنیان.

ئایا هێرشی درۆنەکانی تورکیا بوونەتە جێگرەوەی ئۆپەراسیۆنی ڕاستەوخۆ و زەمینی؟

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی ئایاری رابردووەوە، چەندین جار هەڕەشەی هێرشێکی دیکەی سنووربەزێنی کرد بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە شارەکانی تەلڕەفعەت و مەنبج لە باکووری رۆژئاوای سووریا.

بەم حاڵەشەوە هێشتا ئەنقەرە دەستی بە ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە نەکردووە، ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی دژایەتی ڕاشکاوانەی ئەمریکا و ڕووسیا بێت.

بەڵام تورکیا هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەسەدە بە شێوەیەکی بێ وێنە زیاد کردووە. ناوەندی هەواڵگری ڕۆژاڤا کە بنکەکەی لە سووریایە، لە 11ی ئابدا بڵاویکردەوە، "هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە مانگی ئابی ساڵی 2022دا کوشندەترین هێرشەکان بوون".

ئەم رێکخراوە میدیاییە سه‌ربه‌خۆیە هه‌روه‌ها له‌ 9ی ئابدا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ 8 هێرشی فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وانی تورکیا له‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی رابردوودا زیاتر هەموو ساڵه‌که‌ خه‌ڵکی سڤیل و که‌سانی دیکه‌ی کوشتووە. مەزەندە دەکرێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٥ کەس لەو هێرشانەدا کوژراون و ٨٠ کەسیش برینداربوون.

هه‌مان رۆژ له‌ هێرشێکی فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان بۆ سه‌ر شاری کوردنشینی قامیشلۆ له‌ سووریا، کوژرانی چوار ئه‌ندامی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات و بریندار بوونی سێ هاوڵاتیشی لێکەوتەوە.

پێدەچێت ئەنقەرە لە ڕێگەی هێرشە کوشندەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕێگەیەکی دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی زیانی گەورە بە هێزەکانی هەسەدە/یەپەگە بگەیەنێت بەبێ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بەرفراوان ئەنجام بدات.

ڕوونەدانی گۆڕانکاریی بەرچاو لە پڕۆسەی شەڕدا

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئامرازێکە بۆ پاراستنی فشارەکان بۆ سەر هەدەپە/یەپەگە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ستراتیژی ئەنقەرە لە دژی کورد لە سووریای نەگۆڕیوە.

ڕایان بول شرۆڤەکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگای ستراتفۆر لەمبارەوە بە نیو عەرەبی وتووە: لەڕووی تاکتیکییەوە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ڕێگە بە تورکیا دەدەن هێرشی مەترسیدار ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی گرژی سەربازی زیاتر سەر هەڵبدات یان قەیرانێکی نێودەوڵەتی دروست ببێت؛ لە ڕاستیدا ئەم هێرشانە شەڕی نهێنی زۆر ئاسانتر دەکەن".

بەڵام هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان وەک ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق و سووریا و ئیسرائیل لە غەززە و سووریا و سعوودیا و ئیمارات لە یەمەن ئەنجامیان داوە دەریخستووە کە گۆڕانکاریی گەورە بەدی ناهێنێت.

بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارە، ئەم جۆرە هێرشە تەنیا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زەلیل کردن و رێگری کردن لە جووڵەی رکابەرەکان، بەڵام شکستیان پێناهێتێت و تا ئەو کاتەی هاندەرە ئایدیۆلۆژییەکان بۆ پەلاماردانی تورکیا لەلایەن کوردەکانەوە بوونی ببێت، درۆنەکانی تورکیا تەنیا دەتوانن بەشێک بن لە پلانەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانەیە، نەک بۆ لەناوبردنی هەمیشەیی.

News Code 6727

Your Comment

You are replying to: .
captcha