ئامانجی دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق  نەهێشتنی ئیدارەی خۆسەری کوردییە

بەشی سووریا- نووسەرێکی کوردی سووریا دەڵێت: ڕووسیا قەناعەتی بە تورکیا هێناوە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردەکان لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتن بکات و گوشاری ئەم دوو لایەنە پێکەوە دەتوانێت ئیدارەی خۆسەر ڕووبەڕووی قەیرانی جیدی بکاتەوە.

نسعان ساڵح سیاسەتوانی کوردی بواری سیاسەت و فەلسەفە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە خولی تازەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا و وتی: تورکیا پاش ئەوەی نەیتوانی مۆڵەتی هێرشی زەمینی بۆسەر کوردستانی سووریا لە لوتکەی تاران و سووچیدا بەدەست بێنێت، شێوازی هێرشەکانی خۆی گۆڕی تاکوو بە هێرشی تۆپخانەیی و درۆنەکان بگاتە ئامانجەکانی.

ناوبراو ئاماژەی دا بە هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانی و کوژران و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی و وتی: تورکیا ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم هێرشانەی لە وەڵامی کوژرانی یەکێک لە سەربازەکانی دەست پێکردووە و لە عامودەوە تا دەرباسیە و کۆبانی کردۆتە ئامانج، بەڵام ڕاستیەکەی ئەمەیە کە ئامانجی تورکیا گوشارخستنەسەر ئیدارەی خۆسەرە.

ساڵح زیادی کرد: ئەمریکا و ڕووسیا لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتانەی تورکیا بێدەنگن، چوونکە بەرژەوەندییەکانیان وا دەخوازێت کە هاوسەنگی بەپێی نەخشەی ستراتێژیکی خۆیان لە سووریا دابڕێژن.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە سەربەخۆیە ئاماژەشی دا بە ئەگەری کۆبوونەوەی بەرپرسانی سووریا و تورکیا وتی: ئامانجی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر باکووری سووریاش بە هەمان ئاڕاستە بوو، تورکیاش بە نێوەندگیریی ڕووسیا دەیەوێت گوشار لەسەر ئیدارەی خۆسەر و دیمەشێ دروست بکات و سیاسەتەکانی خۆی لە سووریا بباتە قۆناغێکی نوێوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئامانجی دانوستانەکانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی سووریا ئەوەیە کە گوشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی و لە ئێستادا دەیەوێت هێزە کوردییەکان تا قووڵایی 32 کیلۆمەتر پاشەکشێ بکەن.

ساڵح روونیشی کردەوە: ڕووسیا قەناعەتی بە تورکیا هێناوە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردەکان لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتن بکات و گوشاری ئەم دوو لایەنە پێکەوە دەتوانێت ئیدارەی خۆسەر ڕووبەڕووی قەیرانی جیدی بکاتەوە.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: دەوری هاوپەیمانان لەمبارەوە زۆر گرینگە و بێدەنگیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانێت ببێتە هۆی جێبەجێ بوونی سیاسەتەکانی ڕووسیا لە سووریا.

News Code 6738

Your Comment

You are replying to: .
captcha