ڕووسیا و ئەمریکا هیچ گلۆپێکی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵ نەکردووە

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجوەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە کوردپرێسی وت: ڕووسیا دەیهەوێت بەگوشارخستنەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات عەین عیسا ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکات.

«هووشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجوەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشینەی هێرش کردنی گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا بۆسەر عەین عیسا وتی: هێرشە ناوەناوەکانی تورکیا و گرووپە جیهادییەکان بۆسەر عەین عیسا و بەتایبەت بۆسەر دوو گوند درێژەی هەسە بەڵام هیچ پێشڕەویێکیان نەکردووە.

ناوبراو درێژەی دا: تا ئەم کاتەش جیهادییەکان چەندین هێرشیان کردووە بەڵام هەموو جارێک لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (HSD)ەوە تووشی شکست بوونە.

نوێنەری ئەنجوەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەئاوڕدانەوە لە بۆشایی دەسەڵات لە ئەمریکا تا دەستبەکار بوونی جۆبایدەن وەکوو سەرۆک کۆمار، بەدوای دەرفەتێکەوەیە بۆ داگیر کردنی عەین عیسا بەڵام تا ئەم کاتەش سەرنەکەوتووە.

هووشەنگ دەروێش ڕاشیگەیاند: تا ئەم کاتەش ڕووسیا بێدەنگ بووە و ئەم بێدەنگیەش نیشاندەری ئەوەیە کە ڕووسیا بەنیازە گوشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دروست بکات کە عەین عیسا ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە هەڵبە دەبێت ئەمەش بڵێین کە ڕووسیا ترسی ئەوەشی هەیە کە عەین عیسا لەلایەن گرووپە جیهادییەکانەوە دەستی بەسەردا بگیردرێت چوونکە ئەگەر ئەوەش ڕووبدات بە کونترۆڵ کردنی عەین عیسا و ڕێگای M4 بنکە و بارەگا و پێگەکانی حکوومەتی ناوەندی و ڕووسیا لەناوچەکەدە دەکەونە مەترسیەوە، بۆیەش ئەو بێدەنگییەی گرتۆتە پێش بەڵکوو هێزەکانی سووریای دیموکرات عەین عیسا ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکەن.

نوێنەری ئەنجوەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: ڕووسیا و ئەمریکا هیچ گلۆپێکی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵ نەکردووە تا ئەو وڵاتە هێرشێکی بەربڵاو لەدژی عەین عیسا دەست پێبکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 674

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha