لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە-دا بۆ تۆڵە کردنەوە؛ 7 سەربازی تورکیا کوژران

بەشی سووریا- هەسەدە دەڵێت زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەیان لەدژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا دەستپێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) ڕایگەیاند کە لە سێ "ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی ڕەوا" لە دژی پێگەکانی سوپای تورکیا لە خاکی ئەو وڵاتە بە گشتی ٧ سەرباز کوژراون.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی ناوەندی ڕاگەیاندنی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ڕاگەیێندراوە ئەندامانی (SDF) بە سێ چالاکی لەدژی هێزەکانی تورکیا لە شارە سنوورییەکانی ئوورفا، دیلوک و ماردین، تۆڵەی هێرشەکانی سوپای تورکیا دەکەنەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی کۆبانی و عامودا، کە ئەو هێرشانەی تورکیا کوژرانی منداڵێک و پێنج هێزی بەرگری ناوخۆی لێکەوتەوە.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، تۆپێکی هۆیتزەر لە ناوچەی بەرجوکی سەر بە پارێزگای رێحا کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامدا شەش لە ئەندامانی تیمەکەی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە ناوچەی کارکامیش لە پارێزگای دیلۆک بازگەیەک کرایە ئامانج و هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەگەری زیانی گیانی و ماددی لە ئارادا نییە. لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمدا زرێپۆشێک لە نزیک شاری ماردین کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرێتەبەر.

News Code 6741

Your Comment

You are replying to: .
captcha