ئەمریکا داوا لە بەغدا دەکات ململانێ نەوتییەکان لەگەڵ کوردەکان کۆتایی پێبێنێت
بەشی جیهان- گۆڤاری میدل ئیست دایجێست ئیدیعا دەکات کە دەوڵەتی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق کردووە کۆتایی بە ناکۆکییە نەوتییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئابووریی میدل ئیست دایجێست ئیدیعای کردووە کە حکوومەتی ئەمریکا راستەوخۆ دەستوەردانی لە پرسی ناکۆکیی نەوتیی نێوان کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق کردووە.

ئەم گۆڤارە زیاتر ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئەوەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق سێ کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی لە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان قەدەغە کردەووە، حکوومەتی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە ناکۆکییە نەوتیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

هه‌روه‌ها پێشتر  دوو سیناتۆری باڵای ئەو وڵاتە نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووسیوە و داوای پشتیوانی زیاتری وڵاتەکەیان کردووە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق؛ ئەوەش لە بەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ دەرکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

ئەم دوو سیناتۆرە باڵایەی ئەمریکا بەڕاشکاوی داوایان لە ئیدارەی بایدن کردووە شاندێکی پلە باڵا بۆ عێراق بنێرێت و کار لەسەر ئەم پرسە بکەن تا بەستێن بۆ سەقامگیریی ئابووریی هەرێمی کوردستان فەراهەم بکرێت.