هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق به‌سه‌رکه‌وتویی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان له‌ سێ میحوه‌ری ناوچه‌ی گه‌رمیان بەڕێوەیرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی شانه‌ی راگه‌یاندن و هۆشیاریی پێشمه‌رگه‌، له‌ درێژه‌ی هاوکاری و هه‌مانگییه‌ هاوبه‌شه‌کانی نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق، دوای ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ و له‌یه‌کتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولادا، ئۆپه‌راسیۆنێکی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق له‌ سنووری میحوه‌ره‌کانی 1 و 2 و 3 له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان ئه‌نجام درا، که‌ تیایدا لیواکانی پیاده‌ی  3 و 5 و 17ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌شدار بوون.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، له‌ ده‌رئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا، ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ کێوماڵ کران، که‌ له‌ پلانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردولادا دانرابون، هێزه‌کان ته‌واوی ناوچه‌کانیان پشکنی و کێوماڵی ده‌ڤه‌ره‌که‌یان به‌ ته‌واوه‌تی کرد، ده‌رئه‌نجام ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌، له‌کاتی دیاریکراودا سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆتایی پێهات.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه‌ش کردووه‌، "هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق، له‌ماوه‌ی رابردووشدا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان له‌و ناوچانه‌دا ئه‌نجام داوه‌، که‌ که‌وتۆته‌ ناوچه‌ی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌ نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌کانی عێراق، له‌ئێستادا به‌شێکی زۆری ئه‌م ناوچانه‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزه‌ ئه‌منیه‌کاندان".