بە بەشداریی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کۆ بوونەوە
بەشی تورکیا- کۆبونه‌وه‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌رۆکی ئۆکرانیا، تورکیا و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری لڤێڤ بەڕێوەچوو.

کوردپرێس:

به‌پێ ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆ، کۆبوونه‌وه‌ی سێ لایه‌نه‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌ ڤڵۆدمیر زلێنسکی، سه‌رۆکی ئۆکرانیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکی تورکیا و ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان له‌ شاری ڵڤێڤ کۆتایی هات و تێیدا چه‌ند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کرا.

لو کۆبوونەوەدا کە ماوه‌ی نزیکه‌ی دوو کاتژمێری خایاند سه‌رۆکی ئۆکرانیا رایگه‌یاندووه‌ که‌ ڕووسیا ده‌ستی داوه‌ته‌ کارێک قێزه‌ون و پێویسته‌ به‌خێرای له‌ وێستگه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژا بکشێنه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ روو بدات.

زلێنسکی وتیشی: "سه‌ردان کردنی سه‌رۆکی تورکیا بۆ وڵاته‌که‌مان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی پاڵپشتییه‌کی به‌هێزه‌ بۆ وڵاته‌که‌مان و پێکه‌وه‌ باسی به‌رده‌وامی هه‌نارده‌کردنی دانه‌وێڵه‌ به‌ کۆگاکراوه‌کانی وڵاته‌که‌مان و بارودۆخی خراپی وێستگه‌ی ئه‌تۆمی کارۆناوه‌کی زاپۆریژا-مان تاوتوێ کرد".

لای خۆیەوە ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ نامانه‌وێت جارێکی دیکه‌ کاره‌ساتی چێرنۆبڵ دووباره‌ ببێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ڕووسیا ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌که‌ن کاره‌ساتێکی جیهانی نه‌خوازراو به‌ڕێوه‌یه‌".

سەرۆکی تورکیا وتیشی: "پێکه‌وه‌ کار له‌سه‌ر کۆتایی هێنان به‌م جه‌نگه‌ ده‌که‌ین و هه‌نگاویش ده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی پرۆسه‌یه‌کی دیکه‌ی ئاڵوگۆرکردنی دیله‌کانی جه‌نگ له‌ نێوان ئۆکرانیا و رووسیا ئه‌نجام بدرێت و سه‌رۆکی رووسیاش له‌م پرسه‌ ئاگادار ده‌که‌مه‌وه‌".

هه‌روه‌ها پاش کۆتایی هاتنی کۆبونه‌ووه‌ سێ لایه‌نییه‌که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ وه‌زیری بازرگانی تورکیا و وه‌زیری ژێرخانی ئابووری ئۆکرانیا به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆکی هه‌ردوو وڵات رێکه‌وتنێکیان بۆ دووباره‌ دروستکردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری ئۆکرانیا واژۆ کرد.