ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی عێراقی لە بەریتانیا، هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت زانیارییمان هەیە ژمارەیەک لەو کورد و عێراقییانەی لە بەریتانیان، هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موسەننا ئەمین ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە:  دیپۆرت کردنەوەی ئەو کەسانە دەبێت رازیبوونی حکوومەتی عێراقی لەسەر بێت؛ حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2013 رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا واژۆکردووە؛ ئەو رێککەوتننامەیە دەیان ماددە و بڕگەی تێدایە و یەکێک لەوان دەڵێت: دەبێت حکوومەتی عێراق هاوکاربێت لە ناردنەوەی ئەو عێراقییانەی کە هەموو دەرفەت و قۆناخەکانی رەتکردنەوەی پەنابەرێتیی تێدەپەڕێنن.

 سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، موسەننا ئەمین گوتی: "ئەو شێوەی نووسراوە ژمارەیەک دۆخ دەگرێتەوە. یەکێکیان ئەو کەسانەیە کە هەموو قۆناخەکانی داخوازیی پەنابەرێتییان کۆتایی هاتووە، واتە بەرزترین دادگەی ئەو وڵاتە بە نموونە رەتیکردووەتەوە ئەو کەسە لەو وڵاتە بمێنێتەوە.

یەکێکی دیکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن، لەوانە تیرۆر، کوشتن، تاوانی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر، تاوانی بازرگانی کردن بە مرۆڤ. ئەم جۆرە تاوانە گەورانە یان تاوانی رێکخراو ئەوانەی ئەنجامیان دەدەن، ئەگەر حکوومەت یان دادگەی ئەو وڵاتە دەریکردن، دەبێت عێراق وەریانبگرێتەوە، چوونکە ئەوە بەشێکە لە رێزگرتن لە سەرەوەیی ئەو وڵاتەی دیکە؛ بۆیە ئەو کەسانە هیچ دەرفەتێکیان بۆ پەنابەرێتی نامێنێت و رەت دەکرێنەوە".