پێویستە لەشکری ڕۆژ لە ناوچە سنوورییەکاندا جێگیر بکرێن

بەشی سووریا- سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی سووریا ڕایگەیاند: پێویستە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (P.K.K) لە سووریا بکشێنەوە و ناوەندەکانی دەسەڵات لە کوردستانی سووریا سەر لەنوێ بە بەشداریی پەیەدە و ئەنەکەسە و حزبەکانی دیکە دابڕێژرێنەوە.

حەسەن قاسم سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی سووریا (H.C.S.K) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بەو چارەسەرانە کرد کە کوردی سووریا دەتوانێت لەو ڕێگایەوە کێشەکانی لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات و ڕایگەیاند: پێویستە کورد لە سووریا پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بدات، ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ ئەمەش پێویستە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە و ناوەندەکانی دەسەڵات لە کوردستانی سووریا سەر لەنوێ بە بەشداریی پەیەدە و ئەنەکەسە و حزبەکانی دیکە دابڕێژرێنەوە.

حەسەن قاسم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی كوردستانی سووریا به‌ ئاماده‌بوونی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و به‌ په‌رله‌مانێكی كاتی دۆخەکە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات فەراهەم بکەن.

سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی سووریا، ئاماژەشی دا بە کەمبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا لە سنووری نێوان هەردوولا و ڕایگەیاند: پێویستە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕوژ (کە لەژێر فەرماندەیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورددایە) بە بەشداریی هێزە ئاشتیپارێزەکان لە خاڵە سنوورییەکانی تورکیا تا قووڵایی 30 کیلۆمەتریی خاکی سووریا جێگیر بکرێن تا ڕێگری بکرێت لە سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان.

حەسەن قاسم جەختی لەوەش کردەوە: په‌یوه‌ندییه‌كی دروست له‌گه‌ڵ دراوسێكان و متمانه‌ بە وڵاتانی ناوچەکە‌ و گەشەپێدان بە قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی ده‌توانێت ببێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و ئاسایش و سه‌قامگیریی كوردستانی سووریا و ته‌واوی ئەم وڵاتەیش.

News Code 6759

Your Comment

You are replying to: .
captcha