نامه‌ی سێ ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئەمریکا که‌ داوای چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم ده‌که‌ن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سێ ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، له‌باره‌ی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی نه‌وت و گازی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی ئه‌نتۆنی بلینکن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ نامه‌که‌دا کە ئاژانسی زەمەن بڵاوی کردەۆتەوە هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌ندامانی کۆنگرێس، مایکل واڵتز، دینا تیتۆس و دۆگ لامبۆرن، رایانگه‌یاندووه‌، به‌ گوێره‌ی مادده‌کانی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراق ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته‌ هه‌رێمه‌کان که‌ وه‌به‌رهێنان له‌ سامانی سرووشتی خۆیان بکه‌ن، که‌ له‌ ده‌ستووردا به‌ سامانی هه‌موو خه‌ڵکی عێراق ناسێندراوه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ژێر رۆشنایی به‌نده‌کانی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراقدا، ده‌ستی به‌ وه‌به‌رهێنان له‌ که‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمه‌که‌ی کردووه‌ و ژماره‌یه‌ک کۆمپانیای ئەمریکاییش به‌شدارن له‌ پرۆسه‌که‌دا.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی نامه‌که‌دا، ئه‌ندامه‌کانی کۆنگرێس سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ راکێشاوه‌، به‌ هۆی بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدراڵی له‌ دژی که‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌غدا گرێبه‌سته‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی له‌گه‌ڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکایی و دوو کۆمپانیای ئه‌ورووپایی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ باره‌ی گرێبه‌سته‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمپانیا رووسیی و چینییه‌کان هیچ بڕیارێکی نه‌داوه‌.