ڕۆڵی بێبەدیلی پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا
بەشی جیهان- گۆڤاری ئەمریکی ناشناڵ ئینترێست هۆشداری دەداتە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە تەنها بە بەشدار کردنی پارتی دیموکراتی گەلان لە هاوپەیمانیەکەیاندا دەتوانن رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کار لابدەن.

بەپێی هەواڵی کۆردپرێس، گۆڤاری سیاسی ئەمریکی ناشناڵ ئینترێست لە شیکاریەکدا بۆ دۆخ و پێگەی رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تورکیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بیەوێت پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە گۆڕەپانی سیاسی دووربخاتەوە دەبێ هانا بۆ پاتی دیموکراتیکی گەلان بەرن.

ئەم گۆڤارە ئاماژەی بەوە کردووە بە پشتبەستن بە دوایین ڕاپرسییەکان پارتی دیموکراتی گەلان یان هەدەپە دەتوانێت نزیکەی ١٣.٥٪ی دەنگەکانی گەلی تورکیا بە تایبەت کوردەکان ڕابکێشێت و جەختیشی کردووەتەوە کە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٣دا بەبێ پاڵپشتی ئەم پارتە کوردیە شکست بە ئەردۆغان بهێنن.

بەم حاڵەشەوە گۆڤاری ئەمریکی ناشناڵ ئینترێست لە بارەی ئامادەنەبوونی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ کورد و پارتی دیموکراتی گەلان دەنووسێت: هاوکاری کردنی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەدەپە بە واتای هاوکاری لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیا دێت بۆیە ئەردۆغان دەتوانێت ئەم هاوکارییە وەکوو پشتگیری کردن لە تیرۆر لە قەڵەم بدات و لە هەڵبژاردنەکاندا لەدژی ئۆپۆزیسیۆن بەکاری بهێنێت.

ئەم گۆڤارە هۆشداری داوە کە ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید بکات، ئەوە بە واتای دابەش کردنی دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن دێت، ئەمەش دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی بەهێزتر بوونی پێگەی ئەردۆغان.