حزبە سیاسییەکانی تورکیا هیچ بڕوایەکیان بە پرسی کورد نییە
بەشی سووریا- جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا دەڵێت سیاسەتی ئێستای تورکیا لە کۆڵ کردنەوەی پەنابەرانی سووریا و لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری کوردییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی سیاسەتەکانی تورکیا لەمەڕ باکووری سووریا، وتی: سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر هەمان بناغەی 100 ساڵی ڕابردوو واتا لەسەر بنەمای تیرۆر و فراوانخوازی و دەستدرێژییە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا سیاسەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دروستکردنی قەیران و ترس داڕشتووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: زۆرینه‌ی حزبە سیاسییه‌كانی تورکیا بە ڕاست و چه‌پ و ئایینی و عه‌لمانیشەوە بڕوایان به‌ دیموکراسی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگای تورکیا و پرسی کورد، نییە.

چیا کورد سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ناتۆ بەرامبەر بە سیاسەتەکانی تورکیا وتی: ناتۆ هێشتا پێویستی بە تورکیا هەیە کە لە دژی ڕووسیا بەکاری بهێنێت، هەروەک چۆن لە یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوویدا.

ئەم بەرپرسە سیاسییە کوردە سەبارەت بە بارودۆخی ئەو ناوچانەی تورکیا لە باکووری سووریا داگیری کردووە وتی: دانیشتووانی ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردووە زۆرترین قۆستنەوەیان لەلایەن تورکیاوە لێدەکرێت.

ناوبراو جەختیشی كردەوە: ئامانجی توركیا ئێستا دوو پرسە: یەکەم ئەمەیە کە چۆن خۆی لەدەستی پەنابەرانی سووریەوە ڕزگار بکات  دووهەمیش چۆنیەتی لەناوبردنی ئەزموونی دیموكراسی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریایە.