ڕێککەوتنی ئەدەنەی 2 قبووڵ ناکەین

بەشی سووریا- نوێنەری پێشووی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەنقەرە و دیمەشق پیلانێکی مەترسیداریان لەدژی کوردستانی سووریا داڕەشتووە کە کرێملینیش گەرەنتی بۆ جێبەجێ کردنی داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوێنێ کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی (کاریگەریی سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازیی تورکیا لەسەر ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە و گەڕانەوەی تیرۆر) لە شاری حەسکە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستانی سووریا بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا هەندێک بابەت لەوان ئەگەری دانوستانی نێوان تورکیا و سووریا، هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و چالاک کردنی شانەکانی داعش لەم ناوچەیە تاوتوێ کران.

لەمبارەوە نورشان حوسێن نوێنەری پێشووی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوو، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە کوردی سووریا و ڕایگەیاند کە پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی ڕوون و شەفافی بۆ هەڵمەتەکانی تورکیا هەبێت. هەڵوێستی رۆژئاوا و ئەمریکا له بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا روون نییه .

ناوبراو هۆشداریی دا لەبارەی ئەگەری "رێککەوتنی ئەدەنەی ٢" لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، وەبیری هێنایەوە کە ئەمە هەوڵێکە بۆ دژایەتی کردنی کورد و پێشێل کردنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێککەوتنی (ئەدەنەی ١) ڕێگەی بە تورکیا داوە تا بێتە ناو قووڵایی ٥ کیلۆمەتری سنوورەکانی سووریا، هەروەها ڕێککەوتنی (ئەدەنە ٢) ڕێگە بە تورکیا دەدات تا قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بۆ سەرکوت کردنی کوردەکان بێتە ناو خاکی سووریا.

حوسێن زیادی کرد: پێدانی مافێکی لەو شێوەیە بە تورکیا زۆر مەترسیدارە و تەرکیزی دیمەشق لەسەر ئیدلب؛ تورکیا دەکاتە داگیرکەرێکی هەمیشەیی.

نورشان حوسێن كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كانتۆنی عەفرین لە ساڵی 2014 رایگەیاند: ئەنقەرە و دیمەشق پیلانێکی مەترسیداریان لەدژی کوردستانی سووریا داڕەشتووە کە کرێملینیش گەرەنتی بۆ جێبەجێ کردنی داوە.

نوێنەری پێشووی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان لەو بابەتەدا بکات و جەختی کردەوە: پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی تورکیا خەمسارد نەبن و ڕێگری بکەن لە دەستدرێژییەکانی ئەو وڵاتە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێکەوەبوونی خەڵکی سووریا و پشتگیری کردن لە پڕۆژەی دیموکراتیکە لەم وڵاتە.

News Code 6773

Your Comment

You are replying to: .
captcha