هیچ رێگەیەکی بازنەیی لە شارەکانی کوردستانی تورکیا دروست نەکراوە/ بەرپرسی ئەم کارەساتە حکوومەتی تورکیایە

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی هەدەپە رەخنەی لە حکوومەتی تورکیا گرت بەوەی گرنگی بە رێگەوبانی شارەکانی کوردستانی تورکیا نادات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە بە مەبەستی پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە سەردانی دێرکی کرد و کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی رووداوە هاتووچۆکەی رۆژی شەممە سازکرد.

میتحەت سانجار، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی: لە مێردینەوە تاوەکوو خابوور "هیچ شارێکمان نییە رێگەی بازنەیی بۆ دروستکرابێت".

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەشڵێت، "رووداوی یەکەم روودەدات، 20 خولەک تێدەپەڕێت، هیچ رێوشوێنێک ناگیرێتەبەر، رێگە داناخرێت. لە کاتێکدا بەهۆی رووداوەکەوە فۆسفات بە شەقامەکەدا پەرت دەبێت، دیسان هیچ رێوشوێنێک ناگیرێتەبەر. دوای 20 خولەک بارهەڵگرێکی دیکە دێت و لێرە، لەو خەڵکە دەدات کە بە مەبەستی هاوکاری کردن لێرە بوون".

شایانی باسە کاژێر 18:00ی ئێوارەی شەممە 20-08-2022 لە شارۆچکەی دێرکی مێردین دوو رووداوی هاتووچۆ بەدوای یەکدا روویاندا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەست دا. رووداوەکە بەهۆی دوو بارهەڵگرەوە بوو، کە دەگوترێت برێکیان نەماوە. ئەوەش گومانی لای خەڵک دروستکردووە.

News Code 6778

Your Comment

You are replying to: .
captcha