ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە پەرلەمانی عێراق دەبێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە ئەوەش بەهۆی سەرنەکەوتن لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانیدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سروە عەبدولواحید لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نیشتمانیی عێراق (نینا) رایگەیاند: نەوەی نوێ و ئیمتیداد و ژمارەیەک لە نوێنەرانی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق دوو مانگ لەمەوبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد، ئێستاش، بەهۆی شکستهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانیدا، داوا دەکەن خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

عەبدولواحید ڕایگەیاند، سەرەتا پێویستە میكانیزمی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و یاسای بودجە تێپەڕێندرێت و دواتر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ دیاری کردنی کاتی کۆبوونەوەکان و کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەستەمە.