مەسعوود بارزانى لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایگەیاند، پارتی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه‌، هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و مەسعوود بارزانى لایەنەکان کۆ دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مان بە میدیای حزبەکەى راگه‌یاندووە، له‌پار ساڵه‌وه‌ ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و ئاماده‌بوونی جێنین هێنس پلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق، ئه‌نجام دراون، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆچوونی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕیووه‌.

ئاماژەى بەوەش کردووە، دوای سه‌ردانی پلاسخارت بۆ لای مەسعوود بارزانی، هه‌روه‌ها بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ک له‌باره‌ی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی کوردستان، به‌ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رۆکی پارتی دیموکرات لایه‌نه‌سیاسییه‌کان کۆ ده‌بنه‌وه‌.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکراشی کردووە، پێشنیازێک له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن خراوه‌ته‌ڕوو، که‌ بریتییه‌ له‌ سیستمی تێکه‌ڵ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان، بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی سیاسی خراوه‌ته‌ڕوو، ده‌کرێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان سوودی لێببینن.