ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق کاره‌کانی هه‌ڵپه‌سارد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق بڕیاری دا کارەکەی هەڵپەسێرێت، دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در له‌ بەردەم باڵەخانەکەی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا بڵاویکرده‌وه‌، "ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی بەیانی ئەمڕۆ له‌دوای گه‌یشتنی لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در بۆ به‌رده‌م بینای ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌شێوه‌ی ئۆنلاین کۆبووه‌وه‌ و بڕیار درا به‌ راگرتنی کارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگا پەیوەندیدارەکانی و دادگای باڵای فیدراڵی".

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ی ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در ده‌ربڕیوه‌ و به‌ نادەستوری و نایاسایی ناوی بردوه‌، هاوکات به‌رپرسیارێتی دۆخه‌که‌ی خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق.

شایانی باسە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق مەرجەعی باڵای ئیدارییە بۆ کاروباری دەسەڵاتی دادوەری لە عێراقدا و بڕیاره‌کانی تانه‌یان لێنادرێت و بنه‌بڕن.