بەنیازین بازنەیەکی ئاشتی بە دەوری وڵاتەکەماندا دروست بکەین

بەشی تورکیا- سەرکۆماری تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەی لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لە خاکی وڵاتانی دراوسێ ئەنجامی دەدات یەک مەبەستی هەیە ئەوەش دروست کردنی بازنەی ئاشتییە لە ناوچەکەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەردۆغان، لە میانی ئەو گوتارەی کە لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی سەرۆکایەتی ئەکادیمیای جەندرمە و ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد: "ئیتر چاوەڕێی ئەوە ناکەین کە تیرۆر بگاتە بەردەم دەرگامان، هەڕەشەی تیرۆر لە کوێوە بێت لە کوێ تیرۆریستێک هەبێت لە سەرچاوەکەیەوە لە چالاکی دەخەین".

ناوبراو راشیگەیاند تورکیا قوڵایی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریاوە تاکوو عێراق درێژ کردووەتەوە و تەنانەت لەو ناوچانەیش کە (تیرۆریستان) هەستیان بە ئاسایش کردووە لە میژوویاندا قورسترین گورزیان لە رێكخراوی تیرۆریستی جوداخواز داوە.

سەرکۆماری تورکیا، گوتیشی: ئەوانەی رەخنە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەڵەستین، سووریا، عێراق و گەلانی دیکەی دۆست و برا دەگرن ئەو نەزانانەن کە نەک تەنها لە پێگەی جوگرافی بەڵکوو لە هەمان کاتدا لە قوڵایی مێژوویی و مرۆیی تورکیا بێئاگان.

ناوبراو دەشڵێت: ئەگەر یەکێکیان، هێندەی تۆسقاڵێک زانیاری میژوویی هەبێت و هێشتا بڵێت 'تورکیا چی ئیشێکی لە سووریادا هەیە؟' لەوە دڵنیابن کە خراپیی وڵاتەکەمانی دەوێت. ئەگەر یەکێک هەبێت نەخشە لە بەردەمی دانێت و هێشتا بڵێت 'بۆچی لە نزیکەوە بایەخ بە عێراق دەدەن؟' ئەوا بیر لە خراپەی تورکیا دەکاتەوە".

ئەردۆغان، گوتیشی: ئەوانەی کە لە هاتنی کەسانی دیکە لە دووری دەیان هەزار کیلۆمەتر و دەست وەردان لە کاروباری سووریا، عێراق و لیبیا بێدەنگ دەبن و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیوی سنووری تورکیا دەکەنە ئامانج، ئەوا ئەگەر لە ناکۆکییەوە سەریهەڵنەدابێت نیشانەی کورت بینییە".

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: ئەگەر لە دووری ١٠ هەزار کیلۆمەترەوە بە بارهەڵگر تەقەمەنی بۆ وڵاتەکەم و ئەو تیرۆریستانە بهێنێ کە لە وڵاتەکەم دان، ئەگەر سەرجەم کەرستە و پێداویستیەکان بۆ ئێرە بهێنێت و لەگەڵ ئەوان ئۆپەراسیۆنی ئەودیوی سنوور بکەنە سەرمان، ئەوە ئێمەش لەودیوی سنوور لەرێگەی ئەو رێککەوتنەی کردوومانە لە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر وەڵامی پێویستیان دەدەینەوە. ئەگەر ئەمە بێزاریان دەکات ببوورن ئەوان بێزار دەکات بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێگاکەمان. بێگومان رۆژێک دێت، میژوو ئەمانە دادگایی دەکات و سزایان دەدات".

ئەردۆغان ئیدیعای دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئێمە دوژمنایەتی ھیچ کەسێک و ھیچ وڵاتێک ناکەین. بەپێچەوانەوە دەمانەوێ باشترین و پێشکەوتووترین و راستگۆترین پەیوەندی لەگەڵ ھەر وڵاتێک و کۆمەڵگایەک دروست بکەین".

News Code 6791

Your Comment

You are replying to: .
captcha