چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێم کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەنراوێکدا کە پاش کۆبوونەوەکە بڵاو بوویەوە هاتووە: ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە کە بەردەوام بوونی دۆخی ناهەمواری سیاسی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ئارامی و سەلامەتی هاووڵاتیان، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی کارای جددی لە هەموو لایەنەکان بێتەئاراوە کە رێگری بکات لە پەرەسەندنی دۆخەکە، هاوکات جەختکرایەوە لەگرنگی ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

هەروەها دووپاتکرایەوە لەگرنگیی دەستپێکردنی دیالۆگی راشکاوانەی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پارێزگاریکرد لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیان و گرتنەبەری هەنگاوی چارەنووسساز بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا بەرۆکی وڵاتی گرتووو.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لە پێویستیی پاراستنی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پارێزگاری کردن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوەش دا خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی بیروڕا مافێکی دەستووری پارێزراوە، بەڵام پێویستە پابەندی یاسا و رێساکان و پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی بن، هەروەک پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکان لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور بێت.

کۆبوونەوەکە جەختی لەوەش کردەوە ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە پارێزگاری بکەن لە سەقامگیری وڵات و ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی، هەروەک پێویستە بەهەموو جۆرێک دوور کەونەوە لە دەستوەردان لە کێشە سیاسییەکان، چونکە هێزە ئەمنییەکان زامنی پاراستنی خەڵک و نیشتمانن، بۆیە ئەرکی سەرەکی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان پاراستنی ئاسایش و مافی عێراقییەکانە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی کاریگەری دەکاتە سەر رۆڵی عێراق لە ناوەندەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر لە کارخستنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەکان لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەتی پێداویستی و بژێوی ژیان و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان.

لە کۆتاییدا ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە لە پێویستی چر کردنەوەی هەوڵەکانی هەموو دەسەڵات و هێز و لایەنە سیاسی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاڕاستەی سازان و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانی ئێستا لە چوارچێوەی دەستوور و کاروانی دیموکراسی.

News Code 6795

Your Comment

You are replying to: .
captcha