لەبارەی پرسی سووریا، وەزیرانی بەرگریی تورکیا و ئەمریکا پێوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا
بەشی تورکیا- وەزیرانی بەرگریی تورکیا و ئەمریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبارەی کەمتر کردنەوەی زیانی گیانیی خەڵکی مەدەنی لە سووریا گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ لۆید ئۆستن هاوتا ئەمریکییەکەی، پرسەکانی سووریا و شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعش و فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-١٦یان تاوتوێ کرد.

ووەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا پرسە دوولایەنەکان و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کردووە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "ئاکار و ئۆستن بیروڕایان لەسەر پرسە بەرگری و ئەمنییەکان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەتایبەتی پێشهاتەکانی ئۆکراینا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابین کردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦".

لەی خۆیەوە لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئاکار و ئۆستن باسیان لە "گرنگیی کەمتر کردنەوەی خەساری گیانیی خەڵکی مەدەنی لە سووریا و گەرەنتی کردنی شکستی بەردەوامی داعش لەو وڵاتە کردووە.