نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ماون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاند، بەپێی دوایین زانیاری هەواڵگری تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشدا هەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق جەمال ئیمنیکی، سوپاسالاری پێشمەرگە دوایین زانیاریە هەواڵگرییەکان لەبارەی داعش ئاشکرا دەکات و بە خەندان-ی راگەیاندووە، "بەپێی دوایین زانیاری هەواڵگری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار چەکداری داعش هەن، بەڵام ئەوە جێگیر نیە و ناتوانین بڵێین 100% راستە، بەڵام ئەگەرهەیە کەمتر یان زیاتربن لەو ژمارەیە".

سوپاسالاری پێشمەرگە لەبارەی ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی چەکدارانی داعش ئاماژەی بەوەکرد، "ئەنجام دانی ئۆپراسیۆن تەنها چارەسەرنیە، ئێمە بە لایەنی عێراقیمان وتووە، دەبێت رێککەوتن لەسەر خاڵەکان بکرێت و هێزی هاوبەش دابنیێین لەگەڵ سوپای عێراق لە هەندێک ناوچە، پاشان ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین، بۆ نمونە ئەگەر بچینە ناوچەی قەرەچوغ و ئۆئراسیۆنێک بکەین و دواتر سوپای عێراق بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، داعشیش بەهەمان شێوە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام هەتاوەکوو ئێستا نەگەیشتوینەتە رێککەوتنێک".

جەمال ئیمنیکی وتیشی:"بۆشایی ئەمنی زۆر لە ناوچەکانی خورماتوو و پەلکانە هەیە و هێزەکانی ئەمنی عێراق نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکەن بە تەواوەتی و سروشتی ئەو ناوچانەش لەبارە بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی، بۆیە رۆژ بەڕۆژ ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی زیاتر دەبێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوان ئێمە و هێزی عێراقی و هەروەها بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان خۆیان هەیە".

لەبارەی ئەوەی ئایا لەلایەن سوپای عێراق ئامادەکاری تیایە بۆ ئەوەی بەهاوبەشی ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، فەریق جەمال ئیمنیکی سوپاسالاری پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، من تائێستا ئەو ئامادەکاریە نابینم.

ناوبراو روونیشی کردەوە، پێدەچێت تیمی بەم نزیکانە تیمی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق و راگەیاندنی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان کۆ ببنەوە، تا ئێستا هیچ وادەیێک بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دیاری نەکراوە، کۆبوونەوەکانی ماوەی رابردووش پرسی بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان و دروست کردنی هێزی هاوبەش و ئۆپراسیۆنی هاوبەش گفتوگۆ کراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 681

Your Comment

You are replying to: .
captcha