ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا ساڵانێکە پشتگیری لە تورکیا دەکەن بۆ ژینۆساید کردنی کورد

بەشی تورکیا- جەمیل بایک ڕایدەگەیەنێت ئامانجی تورکیا لە هێرش کردنەسەر کوردستانی سووریا چۆڵ کردن و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچەیانەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە ڕایگەیاندووە، ئامانجی تورکیا لە زیاد کردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کوردستانی سووریا، گواستنەوەی زۆرەملێی خەڵکی ناوچەکە و چۆڵ کردنیانە بە ئامانجی نیشتەجێ کردنی ئەو پەنابەرە سوورییانە کە لە تورکیا دەژین. ناوبراو داواشی کرد وڵاتانی رۆژئاوایی واز لە پاڵپشتی کردنی جینۆسایدی کورد لە لایەن تورکیاوە بهێنن.

بایک لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی ستارک تیڤی وتی: "لە کۆبوونەوەی ناتۆ کە لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو، فینلاند و سوید وەک دوو ئەندامی نوێی ئەم هاوپەیمانێتییە وەرگیران". بۆ ئەم کارەش تەسلیمی داخوازییەکانی حکوومەتی تورکیا بوون. داخوازیی تورکیاش ئەمە بوو کە ناتۆ پشتگیریی لێبکات لە شەڕی دژ بە پەکەکە و هەروەها پڕچەک کردنی هێزەکانی وڵاتەکەی.

ناوبراو ئاماژەی دا بەوەش کە حکوومەتی تورکیا بە تەنها توانای بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و ژینۆساید کردنی کورد نییە و وتی: بەرنامەی ژینۆسایدی کورد لە لۆزان پێکهێنرا و حکوومەتی تورکیاش جێبەجێی دەکات. "تورکیا پشتی بە ناتۆ بەستووە، کە سیاسەتی کوشتاری کورد جێبەجێ دەکات".

بایک داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد کە شەریک نەبن لە کوشتاری کورد لەلایەن تورکیاوە و موزایەدە لەسەر کورد نەکەن. چوونکە "کورد وەک جاران نەماوە و باجی ئازادییەکەی داوە، کوشتنیشیان سوودی بۆ کەس نابێت".

News Code 6818

Your Comment

You are replying to: .
captcha