هیوادارم تویتەکەی ئەمدواییەی سەدر دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا پاش تویتەکەی ئەمدواییەی وەزیرەکەی سەدر کە ڕایگەیاندبوو: " ئامادەیە لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا رێککەوتن واژۆ بکات بەو مەرجەی سەرجەم ئەو حیزب و کەسایەتیانەی لە ٢٠٠٣ـەوە لە دەسەڵاتدا بوون بەشداری پێکهێنانی حکوومەتی نوێ نەکەن"؛ نووسی هیوادارم تویتەکەی ئەمدواییەی سەدر دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سروە عەبدولواحید لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تویتەر زیاتر نووسی: هیوادارم تویتەکەی ئەمدواییەی سەدر دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە چوونکە گەندەڵی هەر لە بەغدا نییە، بۆیە پێویستمان بە تویتێکە کە بە ڕوونی باس لە حزبە گەندەڵەکانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

شایانی باسە لە تویتەکەی ئەمدواییەی ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر-دا هاتووە: "پێویستە هەموو کەس و لایەنەکان بە سەرکردە و فەرمانبەرەکانیان لە پلە جیاوازەکاندا تەنانەت ئەو سەدریانەش کە بەشدار بوون لە حکوومەتەکانی پێشوودا دووبارە بەشدار نەبن."

ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو، مەرجەکەی ئەوان جێگروەی سەجەم دەستپێشخەرییەکانە و ئەگەر لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا جێبەجێ بکرێت ئامادەن رێککەوتن واژۆ بکەن.