باڵيۆزى نوێی چین جه‌خت له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌
بەشی عێراق و هەرێمی کوردسان- باڵيۆزى نوێی چین لە عێراق لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان کۆ بووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ سوى وى، باڵيۆزى نوێى كۆمارى چينى مللى و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ ديدارەكەدا سەرۆکی هەرێم وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركه‌كه‌ى و خواستى بره‌ودانی‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ چين دووپات كرده‌وه‌.

بارزانی هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چين ده‌ربڕى كه‌ له‌ كاتى په‌تاى كۆڤيد_19دا پێداويستيى پزيشكى پێشكه‌ش به‌ دامه‌زراوه‌ پزيشكييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى نوێى چين له‌ عێراق وێڕاى ده‌ربڕينى سه‌رسامى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و پێزانينى بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عێراق هاوبه‌شێكى گرنگی بازرگانييه‌ له‌گه‌ڵ چين.

 سوى وى هيواى خواست په‌يوه‌ندييه‌كان و ئاستى هه‌نارده‌كردن و هاورده‌كردنى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، به‌رز ببێته‌وه‌.

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، چالاكييه‌كانى باڵيۆزخانه‌ى چين له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌يان له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سياسيى عێراق، هه‌رێمى كوردستان، ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بو كه‌ كونسولى گشتيى چين ئاماده‌ى بوو.