دوو ئەندامی ئێرانیی PKK لە سلێمانی تیرۆر کران
بەشی تورکیا- ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیا بڵاوی کردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی  MİTدا، دوو ئەندامی ئێرانیی PKK لە باکووری عێراق کوژران.

کوردپرێس: بەپێی ئەو زانیاریەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستی ئانادۆڵۆ کەوتوون، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا  (MİT)دا، مەروان میستۆ کە ناوە نهێنییەکەی (رێزان باران) و بە رەچەلەک ئێرانییە، لەگەڵ حسێن رەسوولی کیزیلباش کە ناوە نهێنییەکەی (باوە سوور)ە لە ناوچەی سلێمانی- ئاسۆس لە باکووری عێراق، کوژران.

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ناوەندی میدیایی گرووپی ناسراو بە یەکینەکانی بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەم دوو کەسە لە ئەندامانی یەرەکە بوون و ڕۆژی 22ی ئەم مانگە لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆسەر چیای ئاسوس سەربە ناوچەی شارباژێڕ گیانیان لەدەست داوە.

شایانی باسە مەروان مەستۆ لە دایکبووی ناوچەی عەفرینی کوردستانی سووریایە و تەنها حسێن ڕەسووڵی هاووپاتی ئێرانە.