٩ کانوونی دووەم ٢٠٢١ - ١٢:٤٩
HDP داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکات

بەشی تورکیا- وتەبێژی هەدەپە ڕایگەیاند تەنها یەک وانەی سەرپشکانەی خوێندنی زمانی کوردی بۆ خوێندنی کوردی بەس نیە و ئەو حیزبە داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکات.


کوردپرێس:

ئەبرۆ گۆنای وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند حیزبەکەی داوای خوێندن بە زمانی کوردی لە تورکیا دەکات.

گۆنای لە وەڵامی پرسیاری کوردستان 24 لەو بارەیەوە گوتی: تەنها یەک وانەی سەرپشکانەی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ 40 ملوێن کورد دانراوە و ئەوەش بەس نیە. بۆیە دەبێت خوێندن بە زمانی کوردی بە کرداری جێبەجێ بکرێت.

شایانی باسە ئێستا لە قوتابخانەکانی تورکیا قوتابییان ئەگەر پێیان خۆش بوو سەرپشکن لەوەی وانەی خوێندنی زمانی کوردی هەڵبژێرن.

گۆتای زیادی کرد: بە قەناعەتی ئێمە خوێندن بە زمانی کوردی زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ئێمە داوا دەکەین ئەو وانە سەرپشکانەیەش هەر بمێنێت بەڵام پێویستە خوێندن بە زمانی دایکی جێبەجێ بکرێت. چالاکیی ئێمە لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت. پلەتفۆڕمێک کە ئێمەش تێیدا بەشدارین لە دیاربەکر لەو بارەیەوە بەیانێک دەردەکات ئێمەش پشتگیریی دەکەین.

وتەبێژی HDP لەبارەی حوکمی ئازادکرانی دەمیرتاش کە دادگای ئەورووپیی مافەکانی مرۆڤ دەری کردووە گوتی هەدەپە داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکات حوکمەکە جێبەجێ بکات و دەمیرتاش ئازاد بکات.

News Code 684

Your Comment

You are replying to: .
captcha