هێزه‌ ئه‌منييه‌کان به‌وپه‌ڕى وشيارييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکه‌ن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراقەوە بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا "نیگەرانیی قووڵی" لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەمڕۆی بەغدا و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق دەربڕیوە و داوا لە هەموو لایەک دەکات "ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن دۆخەکە لەوە زیاتر لە کۆنترۆڵ دەربچێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: خۆپێشاندانی ئاشتيیانه‌ مافێکى ده‌ستووريى پارێزراوه‌، "به‌ڵام ئاڵۆزى و راگرتنى دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت هيچ کێشه‌يه‌ک چاره‌سه‌ر ناکات و دۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌کات، بۆيه‌ ده‌بێت شکۆى دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت پارێزراو بێت و رێگرى له‌ ئه‌رک و کاره‌کانيان نه‌کرێت."

نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی دەزانێت هێزه‌ ئه‌منييه‌کان به‌وپه‌ڕى ئاگايى و وشيارييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکه‌ن و "رێگه‌ نه‌درێت خۆپێشاندان و رووداوه‌کان ببنه‌ هۆى تێکچوونى زياترى دۆخى ئه‌منى و که‌وتنه‌وه‌ى قوربانى له‌نێوان عێراقييه‌کاندا."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی وڵاتەکە: "ئەوپەڕی دانایی و گەڕانەوە بۆ لۆژیک و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی و بەرپرسانە و هاریکاریی هەمووانی دەوێت، بۆئەوەی عێراق لەو دۆخە سەختە رزگاری ببێت و کار لە کار نەترازێت."

هەروەها نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە هەموو هێز و لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکانی بانگهێشتی هەولێر کردووە بۆئەوەی کۆببنەوە و دەست بە گفتوگۆ بکەن، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "هه‌رێمى کوردستان وه‌کوو هه‌ميشه‌ هاريکار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى و لێکگه‌يشتنى لايه‌نه‌ عێراقييه‌کان."