چوار مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چوار مووشەک ئاراستەى ناوچەى سەوزى پایتەختی عێراق کراون کە بارەگاى زۆربەى دامەزاوەکانى دەوڵەت و نێردە دیبلۆماسییەکانى تێدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەوە راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە گوتی، چوار مووشەک ئاراستەى ناوچەى سەوزى بەغداى پایتەخت کراون و لە شوێنێکى نیشتەجێبوون کەوتوونەتەخوارەوە.

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لەبارەی زیانی مووشەکەکانەوە باسی لەوە کردووە، ئەو چوار مووشەکە لە هەردوو ناوچەى حەبیبییە و بەلەدیاتى رۆژهەڵاتى بەغداوە ئاراستەى ناوچەى سەوز کراون و بەهۆیانەوە زیانی ماددی بە چەند خانوو و باڵەخانەیەکی شوێنی نیشتەجێبوون کەوتووە.

ئاراستەکردنى ئەو مووشەکانە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونى دۆخى ئەمنى لە بەغداى پایتەخت بەهۆى پێکدادانى نێوان گرووپى چەکداریى سەرایا سەلامى سەر بە رەوتى سەدر و گرووپە چەکدارەکانى دیکە.