موقتەدا سەدر: داوای لێبووردن لە گەلی عێراق دەکەم، تاکە زیانمەند لەم دۆخە ئەوانن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند به‌ ملکه‌چی ده‌ڕۆم و داوای لێبوردن له‌ گه‌لی عێراق ده‌که‌م که‌ تاکه‌ زیاندمه‌نده‌ له‌م دۆخه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له‌ حه‌نانه‌ رایگه‌یاند: "سه‌ره‌تا زۆر خه‌مبارم به‌و دۆخه‌ی که‌ له‌ عێراقدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و زۆر ماندووم، بۆیه‌ نامه‌وێت درێژه‌ی پێبده‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردنێکی زۆر ده‌که‌م، کێ ئاشووبه‌که‌ی دوێنێی ده‌ستپێکرد، ده‌ڵێم به‌ ملکه‌چی ده‌ڕۆم و داوای لێبووردن له‌ گه‌لی عێراق ده‌که‌م که‌ تاکه‌ زیاندمه‌نده‌ له‌م دۆخه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "به‌ ده‌نگێکی به‌رز ده‌ڵێم که‌ بکوژ و کوژراوه‌که‌ له‌ ئاگردان، بکوژ و کوژراوه‌که‌ له‌ دۆزه‌خدا ده‌بن و نامه‌وێت بۆ سێیه‌مجار بیڵێم، چی ئه‌وه‌ی ده‌ستیپێکردوه‌ لایه‌نی یه‌که‌م بێت یان دوه‌م یان سێیه‌م هیچ ناگۆڕێت و بکوژ و کوژراوه‌که‌ وه‌کوو یه‌کتر وان".

موقته‌دا سەدر وتیشی: "نیشتیمانه‌که‌ی من دوای ئه‌وه‌ی که‌ دیلی گه‌نده‌ڵی بو ئێستا دیلی گه‌نده‌ڵی و توندوتیژیشه‌ پێکه‌وه‌، هیواداربووم ناڕه‌زاتی ئاشتیخوازانه‌ هه‌بێت به‌ دڵی پاک و خاوێن و جێگیر نه‌ک په‌لاماری ئاڕپی جی و چه‌ک بده‌ن، نه‌فره‌ت له‌و شۆڕشه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌م شۆڕشه‌ که‌ توندوتیژی و کوشتنی تێکه‌ڵ بو شۆڕش نیه‌ له‌ بنه‌ڕتدا و من ناڵێم شۆڕشه‌، وه‌کوو چۆن شۆڕشی تشیرین له‌ ئاشتی خوازانه‌ لایدا و ره‌خنه‌م لێگرت ئێستاش ره‌خنه‌ له‌ شۆڕشی ره‌وتی سه‌در ده‌گرم و سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌که‌م پاڵه‌وانه‌کان که‌ بێلایه‌ن بوون، سوپاس بۆ چه‌کدارانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وان په‌یوه‌ندیان به‌و دۆخه‌وه‌ نیه‌، راسته‌ سه‌رکرده‌کانیان و فه‌رمانده‌کانیان ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌وان یه‌ک گوله‌ش ناته‌قێنن، سوپاس بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و حه‌شدی شه‌عبی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کان که‌ هه‌ڵوێستێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی هه‌بووه‌".

موقته‌دا سەدر ده‌ڵێت: "دۆخه‌که‌ له‌ کۆنتڕۆڵ ده‌رچووه‌ و هێزه‌کان ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی رۆڵه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ دان به‌ هۆزه‌کان نانێین به‌و شێوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌ محه‌مه‌د سه‌در هه‌یه‌، ئه‌وا سه‌در باوه‌ڕی هۆزگه‌ری نیه‌ و رشتنی خوێنی عێراقییه‌کان حه‌رامه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ره‌وته‌که‌ بێت یان هه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌، به‌ڵێ میلیشای خراپه‌کار هه‌ن به‌ڵام نابێت ره‌وته‌که‌ش خراپ بێت، هێشتا باوه‌ڕم به‌وه‌یه‌ که‌ ره‌وته‌که‌ کۆنتڕۆڵ کراوه‌".

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له‌ خۆپیشانده‌ران کرد ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی 60 خوله‌کدا نه‌کشێنه‌وه‌ ئه‌وا خۆی له‌ ره‌وته‌که‌ش بێبه‌ری ده‌کات و وتی، "خه‌ڵک تاوانی چیه‌ له‌ دوێنێوه‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێدایه‌، ئه‌مه‌ شۆڕش نیه‌ نه‌خێر نامانه‌وێت، ده‌بێت ته‌نانه‌ت له‌ مانگرتنیش بکشێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ملکه‌چمان نه‌بن هه‌ڵوێستێکی دیکه‌مان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خه‌می بیروباوه‌ڕی ئایینی و ئایینه‌که‌تان نیه‌، خه‌می نیشتیمانه‌که‌تان هه‌بێت".