سێ هەڵەی ستراتیژی سەدرییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکردەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: ڕەوتی سەدر لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە خۆی سەرکردایەتی دەکرد، سێ هەڵەی ستراتیژی کرد کە بووە هۆی شکستهێنانی ئەم خۆپیشاندانانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار سەرکردەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا کە سایتی چاودێر بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت: لەبارەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدرەوە دەبێت بڵێم: "سەدریەکان خۆپیشاندانی فراوانیان کرد. کاریگەریش بوون. هەڵەی دەستپێکی یەکەمیان ئەوە بوو، پەرلەمانیان داگیر کرد. بەمە، جۆرێک لە شەرعیەتیان دایە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرگری کردن لە دامودەزگا و ئەنجومەنی یاساڕێژی!!

مەلا بەختیار زیاتر دەڵێت: هەڵەی دووەمیان پەلاماردانی دادگای باڵای عێراق بوو.. لەمیاندا، شەرمەزار بوون.

هەڵەی ستراتیژی سێهەمیشیان؛ تێکەڵاو کردنی هێزی چەکدار بوو بە خۆپیشاندان. ئەم هەڵەیە، جگە لە کوشتارەکەی.. خۆپیشاندانەکەشی لەبار برد و پاساوی سەدریەکانی لاواز لاواز کرد.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: "سەرەنجام، بە شەو و رۆژێک سەماحەتی موقتەدا لە مەترسیەکان تێگەیشت ‌و بە توندی هاتە سەر هێڵ ‌و بڕیاری کشانەوەی هێزی سەرایا سەلامی دا و خۆپیشاندانەکەشی راپێچا".

مەلا بەختیار زیاتر دەنووسێت: ئێستا ئیتر عێراق، بۆ هەلومەرجێکی سیاسی نوێ‌ وەردەچەرخێ‌ تاڕادەیەک، کارتە تێکەڵاوەکانی لایەنەکانی یەکاڵا دەبنەوە. نە سەدریەکان چەشنی جاران دەتوانن بڕیار بدەن. نە چوارچێوەی هەماهەنگیش دەتوانێ‌ بە رقی سیاسی‌ و پەرچەکردار و خۆسەپاندن، بڕیار بدات.

ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا زیادی کرد: هێزە کوردستانیەکانیش ئیتر کاتێتی فریای کوردستان ‌و دەستوور بکەون و هەلومەرجە نوێکە لەدەست مەدەن چوونکە ئۆباڵ لە ئەستۆتی ئەوانە.