ئەگەرئۆپۆزیسیۆن وەڵاممان نەداتەوە بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێری خۆمان دەبێت

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی هەدەپە داوایەک ئاراستەی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و دەڵێت: "وەرن با بە جیاوازییەکی زۆر لە یەکەم خولی هەڵبژاردنەکاندا بیبەینەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لە بابەتی بەربژێری هاوبەشدا دەرگەی گفتوگۆمان واڵایە، بەڵام ئەگەر بانگەوازیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن هیچ وەڵامێکی نەبێت، ئەوکاتە بەربژێری خۆمان دەبێت.

لەبارەی بیرۆکە و بانگەوازیان بۆ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، سانجار رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە داڕشتنی پرۆگرامێکە کە بتوانین لەڕێیەوە لە یەکەم خولدا بیبەینەوە و تورکیا لەم داڕووخان و وێرانییە رزگار بکەین. ئەم پرۆگرامەش هاوڕابوونە لەسەر بەربژێرێک. وەرن با لەسەر بنەمای پرۆگرامێک بسازێین کە رێگەی گەیشتن بە دیموکراسی، دادپەروەری و ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە دەکاتەوە. هەروەها با لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا بە جیاوازییەکی زۆر بیبەینەوە".

لەکاتێکدا ماوەی کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆککۆماری تورکیا، دیدار و کۆبوونەوەی پارتەکان و مشتومڕی پێکهێنانی هاوپەیمانی گەرموگوڕتر بووە. هاوپەیمانیی جمهوور کە لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپە پێکهێنراوە، جێگیرە.

هەروەها پارتەکانی جەهەپە و ئیی پارتی کە هەڵبژاردنی رابردوو وەکوو هاوپەیمانیی میللەت رکابەریی هاوپەیمانیی جمهووریان کرد، ئێستا لەگەڵ چوار پارتی دیکەدا (پارتی سەعادەت، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، پارتی ئایندە و پارتی دیموکرات) لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان. ئەوان کە بە شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن ناسراون، سەرەڕای ئەوەی بەردەوامن لە دیدار و وتوێژ، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی جێگیر.

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

News Code 6874

Your Comment

You are replying to: .
captcha