سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تەشەر لە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەدات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان وه‌ڵامى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ له ‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌گیرێن، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "من وه‌کوو سه‌رۆکى په‌رله‌مان هاوشێوه‌ى دوو سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى تر ته‌له‌فزیۆنى تایبه‌ت‌ به‌خۆمم نییه‌ بۆیه‌ ده‌نگمان ناگاته‌ هاوڵاتیان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ له‌کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ‌و ڕێکخراوه‌ ناحکوومیه‌کانى سلێمانى ‌و هه‌ڵه‌بجه‌، ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆکى په‌رله‌مان چەند زانیاریی گرنگى ئاشکرا کرد.

سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌بێ ناوهێنانى هه‌ردوو مه‌سروور بارزانى ‌و نێچیرڤان بارزانى ‌و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ میدیاى حزبه‌که‌ى خۆیشى، وه‌ڵامى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى دایه‌وه‌ که‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌کرێت.

ڕێواز فایەق ڕایگه‌یاند: "من وه‌ک سەرۆکی پەرلەمان تەلەفزیۆنی خۆمم نییە، بۆیە دەنگم ناگات ‌و دوو سەرۆکایەتیەکەی دیکە دەنگیان زووتر دەگات، ئه‌وان چوونکە کەناڵیان هەیە".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که‌ له ‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا وتى، که‌س نه‌ڵێت ته‌مه‌نى په‌رله‌مان دوو مانگى ماوه‌، نه‌خێر دوو مانگى نه‌ماوه‌، سەرۆکی پەرلەمان جه‌ختیکرده‌وه‌، "هەموو کەسێکی تێگەشتوو دەزانێت مانگی 10هەڵبژاردن ناکرێت".

له‌باره‌ى ڕاگرتنى کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ى سێ مانگ، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئاشکرای کرد، "من ئیجبار بوم سێ مانگ کۆبونەوە نەکەم، چوونکه‌ دۆخێکى سیاسى هه‌بوو، ئه‌وکات هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى بوو ده‌هاته‌ په‌رله‌مان ‌و به‌ریه‌ککه‌وتنیش ڕووى ده‌دا".

ڕێواز فایه‌ق ڕه‌خنه‌ى له ‌حکوومه‌ت گرت له‌باره‌ى نه‌ناردنى پڕۆژه‌یاساى بوودجه‌ بۆ په‌رله‌مان ‌و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌، "نەناردنی بوودجە بۆ پەرلەمان بووە بە نه‌ریت".