پلانی هەسەدە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا

بەشی جیهان- هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانی تورکیاوە خەساری زۆریان بەرکەوتووە، ئێستا لە جووڵەکانیاندا کەڵک لە پشتیوانیی ئەمنیی هاوپەیمانان و ڕووسیا دەگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا کە بەهۆی دژایەتیی نێودەوڵەتییەوە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی زەمینی لە دژی هێزە کوردییەکانی سووریا بێ هیوا بووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا زیاد کردووە. لەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەم هێزە گیانیان لەدەست داوە، لەوان جێنشینی مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

بەرپرسانی باڵای ئەم هێزە دڵنیان لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە ئێستادا تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات، تەرکیز لەسەر هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات.

فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گۆڤاری سیریا دیرێکت-ی وتووە لە ئێستادا هێزەکانی هەسەدە هەوڵی تەکتیکی و ئەمنییان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەست پێکردووە. یەکێک لە هەوڵانەش ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی پێویست نەبێت واز لە هاتوچۆی ناپێویست بێنن.

بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبێ یاوەریی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەروەها بەبێ ئاگاداریی هێزەکانی ڕووسیا گەشت ناکەن. جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان لە جووڵەی ناپێویست بەدوور دەگرن.

یەکێک له سەرچاوه سەربازییه کوردەکانی سووریا بە ئەم گۆڤارەی وتووه، زۆربەی فەرماندەکانی هەسەدە له بنکە ئەمریکییەکان جێگیر کراون و ئەو بنکانه جێناهێڵن جگه له حاڵەتی بەپەلەدا نەبێت، چوونکه له ئێستادا تەکنەلۆجیا و کەرەستەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بەردەست نییە.

مەحموود حەبیب، فەرماندەی لیوای باکووری دیموکرات سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا و ئەمریکا لە ساڵی 2019وە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کورد دەستیپێکردووە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی ئەو هێرشانە زیادی کردووە.

لای خۆیەوە ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە واژۆ کردنی ڕێککەوتنی سەربازیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات وێڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەکار هێنانی مۆبایل و کەرەستەی ئەلەکترۆنییان لە نی هێزەکانی خۆیان قەدڕەغە کردووە چوونکە ئەو ئامێرانە وادەکەن تورکیا بە ئاسانی شوێنی ئەو هێزانە بدۆزێتەوە.

News Code 6897

Your Comment

You are replying to: .
captcha