پێویستە گفتوگۆی نیشتمانی له‌نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان دەست پێبکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، پێشوازیی کرد له‌ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م‌ریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند: له‌ دیداره‌که‌ی نێوان کازمی و باربارادا، تاوتوێی په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی دۆخی سیاسی عێراق و رۆڵی حکوومه‌ت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌کان و هه‌وڵه‌کانی بۆ کۆتایی هێنان به‌ قه‌یرانی سیاسی وڵات له‌ رێگه‌ی پێشکه‌ش کردنی ده‌ستپێشخه‌ریی گفتوگۆی نیشتمانی گشتگیر له‌ نێوان سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کراوه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات و چه‌ند دۆسیه‌یه‌کی هاوبه‌ش کردووه.

جه‌ختیشیان له‌سه‌ر رۆڵی عێراق کردووه‌ته‌وه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کانی ناوچه‌که‌ له‌ رێگه‌ی هه‌وڵه‌کانی کابینه‌که‌ی کازمی، که‌ په‌یڕه‌وی بنه‌مای هێورکردنه‌وه‌ و دانوستان ده‌کات له نێوان وڵاتانی ناوچه‌که‌.

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جارێکی دیکه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یامه‌که‌ی جۆو بایدن، سه‌رۆکی ئه‌مریکا کرده‌وه‌، که‌ داوای ئه‌نجامدانی گفتوگۆی کردووه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌کان بۆ تێپه‌ڕاندنی گرژی و ئاڵۆزییه‌کان و به‌رقه‌راربوونی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ وڵاتدا.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان کردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێککه‌وتننامه‌ی چوارچێوه‌ی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو وڵات.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مسته‌فا کازمی، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی به‌رده‌وام بوونی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش کردووه‌ته‌‌وه‌ له‌ دۆسییه‌ی قه‌ڵاچۆ کردنی تیرۆر و به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ بواره‌کانی ئابووری و رۆشنبیری و خوێندندا.