تورکیا کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سوپای  وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە
بەشی تورکیا- هێلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کەوتە خوارەوە کە بووە هۆی بێسەروشوێن بوونی سەربازێکی ئەو وڵاتە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کاتێکدا کە باڵی سەربازیی پەکەکە رۆژی یەکشەممە 4ی ئەیلوول رایگەیاند، شەوی شەممە 3ی ئەیلوول لە ناوچەی زاپ هێلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیایان خستووەتە خوارەوە؛ وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئەیلوول لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، کاژێر 23:45 خولەکی شەوی یەکشەممە 4ی ئەیلوولی 2022 هێلیکۆپتەرێکی جۆری سیکۆرسکی کە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە ئەرکدا بوو، ناچاربووە "نیشتنەوەی سەخت" بکات و کەوتووەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێ، هێلیکۆپتەرەکە بە هۆکاری "تەکنیکی" ناچاربووە بنیشێتەوە و لە کاتی نیشتنەوەدا کەوتووەتە خوارەوە، لە کۆی هەشت سەربازی نێو هێلیکۆپتەرەکە حەوت سەرباز رزگار کراون و سەربازێکیش بێسەروشوێنە.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەو سەربازانەی رزگار کراون تەندروستییان باشە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی سەربازە بێسەروشوێنەکە بەردەوامن.