دەسپێشخەریی مستەفا کازمی کلیلی دەربازبوون لە بنبەستی سیاسیی عێراقە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە دەسپێشخەریی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، کلیلی دەربازبوون لە بنبەستی سیاسیی عێراقە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەهدی عەبدولکەریم ئەمڕۆ دووشەممە بە «ارث نیوز»ی ڕاگەیاندووە: دەستپێشخەرییەکەی مستەفا کازمی دەبێتە کلیلی چارەسەری بنبەستی سیاسی ئێستا و پرسەکانی دیکەی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا.

عەبدولکەریم زیادی کرد: محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش چەند داواکاریی پێشکەش کردووە کە ئەوەش نەخشەڕێگایەکە، کە چەندین کێشە چارەسەر دەکات، ئەو داواکارییانە بریتین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز، پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ناوەندی و هەرێم كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

 دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە دەستپێشخەرییەکەی مستەفا کازمی بریتیە لە پێکهێنانی لیژنەیەک لە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ خستنەڕووی نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی دوای دیالۆگی نیشتمانی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئێستای عێراق.