سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سێ پۆستی کابینەی وڵاتەکەی دایە سیاسەتوانێکی کورد

بەشی جیهان- نەدیم زەهاوی، سیاسەتوانی بە بنەچە کورد لە لایەن لیز ترەس-ەوە دووەم باڵاترین پۆستی وەزاری پێدرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەدیم زەهاوی وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا لە کابینە نوێیەکەدا سێ پۆستی پێدراوە: وەزیری کاروباری هەرێمەکانی نێو بەریتانیا، وەزیری یەکسانی و راوێژکاری دوقنشینی لانکاستەر کە لە دوای پۆستی سەرۆکوەزیران باڵاترین پۆستی نێو حکوومەتی بەریتانیایە و لە سەرووی هەموو وەزیر و راوێژکارەکانی دیکەوەیە.

دوقنشینی لانکستەر شوێنی بەرێوەبردن و کارگێڕی کردنی هەموو سەروەت و سامانە تایبەتەکانی شا یان شاژنی بەریتانیایە.

لە چوارچێوەی پۆستی راوێژکاری دوقنشینی لانکاستەردا، نەدیم زەهاوی ئەم ئەرکانەی خوارەوەی دەبێت:

کارگێڕی کردنی سامانی تایبەتی فەرمانڕەوای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.

راوێژدان بە سەرۆکوەزیران لەسەر دانان و جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی حکومەت.

سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەکانی لیژنەکانی حکوومەت.

جێبەجێ کردنی کارەکانی حکوومەت.

سەرپەرشتی کردنی لیژنە و تیمە تایبەتەکان.

سەرپەرشتی کردنی کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا (برێگزیت).

سەرپەرشتی کردنی کاروباری دەستووری.

سەرپەرشتی کردنی سیاسەتەکانی نووسینگەی کابینەی حکوومەت.

زەهاوی لە مانگی تەممووزدا دوای ئەوەی کە چەند وەزیرێک دەستیان لە حکوومەتەکەی بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کشاندەوە، پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت.

لە چوارچێوەی پۆستی وەزیری یەکسانییەکانیشدا، هەڵبژاردنی زەهاوی وەکوو وەزیری یەکسانییەکان چەند مانگێکی کەم دوای ئەوە دێت کە بەڵێنیدا کە "رێگەبدرێت منداڵان منداڵ بن، بپارێزرێن لەو شتە بێمانا زیانبەخش و ناشیاوانەی کە لە لایەن چالاکڤانە توندڕەوەکانەوە بەسەریاندا دەسەپێندرێت".

News Code 6924

Your Comment

You are replying to: .
captcha