تایبەتمەندییەکانی ئێمە سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقی رەت کردەوە و دەڵێت، پێویستە بە پشتبەستن بە دەستوور پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگەی فیدراڵی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە تایبەتمەندییەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.

دەقی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق:

دادگەی باڵای فیدراڵی وایدەبینێت

1- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ئەوەی هەڵدەبژێردرێن نوێنەرایەتی خۆیان و فراکسیۆنە سیاسییەکانیان ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویستبوو کار بۆ ئەوە بکەن کە بۆی هەڵبژێردراون، کە بەرژەوەندی خەڵکە، نەک ببنە هۆکارێک بۆ پەکخستنی بەرژەوەندییەکانیان و هەڕەشە لە سەلامەتییان و سەلامەتی وڵات بە گشتی.

2- سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەک پابەندی بەندەکانی دەستووربن و لێی دەرنەچن، بۆ هیچ دەسەڵاتێکیش نییە بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان تاوەکوو کاتێکی نادیار، چوونکە ئەمە پێشێل کردنی دەستوور و تێکدانی تەواوی پرۆسەی سیاسی و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییان.

3- ئەو سزایەی کە بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران دەسەپێنرێت لە ئەنجام نەدانی ئەرکە دەستوورییەکانیدا، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکەیە کاتێک پاساو بۆی هەبێت.

4- دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 میکانیزمی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پێی بڕگەکانی ماددەی (64/یەکەم)ی داڕشتووە.

5- تایبەتمەندییەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی سنووردارە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناگرێتەوە.

6- دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 چاوپۆشی نەکردووە لە رێکخستنی بڕگەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەر بۆیە هیچ بوارێک نییە بۆ جێبەجێ کردنی تیۆری چاوپۆشی کردن لە دەستوور.