پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پیرمام مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ئێرڤن هیكس، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوە کردووە بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەكیی ئەمریکا.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، باربارا لیف باسی لەوە کرد، "سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە." هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی "پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە.

لای خۆیەوە بارزانی كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو.

مەسعوود بارزانی باسی لە سەرچاوەی کێشەکانی عێراق کرد و رایگەیاند: "سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و رێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە".

بارزانی جەختی کردەوە کە "پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر رێككەوتن و پێكهاتنێک دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بە روونی و بە جیددی كاری لەسەر بكرێت."

لەبارەی چارەسەری کێشەکانی دۆخی عێراق، سەرۆکی پارتی دیموکرات دەڵێت، "لە عێراقدا دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكتر قبووڵ كردن هەبێت و نابێت هیچ لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی لایەنی دیکە بدات و دەبێت رێز لە دەستوور بگرێت."

ناوبراو گوتیشی: "هیچ لارییەكمان لە بابەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە بە مەرجێک زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەک پەراوێز نەخرێت و رێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت."