٨ ئەیلوول ٢٠٢٢ - ١٢:٥٥
دایە مەقبوولە لە زیندان ئازاد کرا

بەشی تورکیا- ئەو ژنە کوردە 80 ساڵەی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی PKK، چوار مانگ لە پارێزگای وان زیندانی کرا بە بڕیاری دادوەر و بە مەرجی دادی ئازادکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەقبوولە ئۆزەر-ی تەمەن 80 ساڵ و هادی ئۆزەر-ی هاوژینی کە تەمەنی 79 ساڵە. پێشتر لە 24ی تەممووزی 2018 لەلایەن تیمەکانی پۆلیس لە شارۆچکەی ئارتەمێتان سەر بە پارێزگای وانی کوردستانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان، لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەستبەسەر کران.

ئەو دوو هاوژینە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا، بۆیە رۆژی دووشەممە 9ی ئایاری 2022 دەستبەسەرکران و هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە بە 2 ساڵ و 1 مانگ زیندانی کردن سزادران.

رۆژی سێشەممە 10ی ئایاری 2022، دادگەی باڵای وان بڕیاری دادگەی خۆجێی پەسندکرد، هەمان رۆژ مەقبوولە و هاوژینەکەی بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان خرانە زیندانەوە.

رۆژی 26ی ئابی 2022، مەقبوولە ئۆزەر کە زیاتر لە چوار مانگ لە زیندان بوو، نەخۆش دەکەوێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. بەڵام بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نەزانیوە، وەرگێڕی کوردیشی بۆ دابین نەکراوە، بەبێ ئەوەی بە زمانی خۆی گوزارشت لە ئازارەکانی بکات، لەسەر بنەمای راپۆرتێکی تەندروستیی کە پێشتر ئامادە کراوە، چارەسەری بۆ نووسراوە و رەوانەی زیندان کراوەتەوە.

بەپشت بەستن بە راپۆرتی دادپزیشکی پارێزگای وان، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، مەقبوولە ئۆزەر دۆخی تەندروستیی خراپە و پێویستی بەچاودێری بەردەوامە و ئەو چاودێرییە تەندروستییەش لە گرتووخانەکاندا نییە. بۆیە دادگەی باڵای سزا قورسەکانی پارێزگای وان، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ژنە بەمەرجی دادی و دواخستنی سزاکەی بۆ ساڵێک دەرکرد. دوای دوو کاژێر لە بڕیاری دادگەکە، مەقبوولە ئۆزەر لە زیندان هاتە دەرەوە.

News Code 6940

Your Comment

You are replying to: .
captcha