كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌ر نابن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاست رایگەیاند كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ هێز و لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌ر نابن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌‌كەدا ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا و كۆنسولى گشتيى ‏ئه‌مريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يەک له‌ ديپلۆماتكارانى ئه‌مه‌ريكى ئاماده‌یبوون، بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ‏سياسيى عێراق و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان، په‌يوه‌نديى هه‌ولێر - به‌غدا و كێشه‌كانى ‏نێوانيان تاوتوێ كران.‏

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "باربارا ليف سڵاو و رێزى سه‌رۆک جۆ بايدن و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ‏ئه‌مريكا به‌ نێچيرڤان بارزانى گەیاندووە".. و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "لێره‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ‏په‌يامى پابه‌ندييان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ‏گوتى: "ئه‌مريكا به‌ گرنگى و بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌موو ‏پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رقه‌راربوونى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق دووپات كرده‌وه‌".

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچيرڤان بارزانى، "وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌كانى ‏ئه‌مريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ هێز و لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌ر نابن و پێويسته‌ پێكهاته‌كانى عێراق به‌ ‏گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، شێوازێک بۆ پێكه‌وەژيان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه‌."

چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا و هه‌بوونى ياساى دابه‌شكردنى ‏داهاته‌كان و نه‌وت و گاز، لەلایەن نێچيرڤان بارزانییەوە، "به‌ كليلى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسيى وڵات" له‌ قه‌ڵه‌م دران. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى پێويستى به‌ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی لایەنە سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى و پشتگيريى ‏وڵاتى دۆست هه‌يه‌."

لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى نێوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان و گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان، ره‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏