گەڕانەوەی ئەندامەکانمان بۆ پەرلەمان قەدەغەیە/ بە کشانەوەی کورد و سونە پەرلەمان ڕەوایەتی نامێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند: گەڕاندنەوەی ئەندامەکانیان بۆ پەرلەمانی عێراق قەدەغەیە و بە کشانەوەی هاوپەیمانەکانمان (کورد و سوننە) پەرلەمان ڕەوایەتی نامەێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح محەمەد عێراقی وەزیری موقتەدا سەدر بڵاویکردۆتەوە: هەندێک هەوڵ دەدەن بە رێگەیەکی یاسایی کوتلەی سەدر بگەڕێننەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کشانەوەمان داخستنی هەموو رێگاکانی تەوافوق بوو کاتێک لەگەڵ بەناو چوارچێوەی هەماهەنگی رێکنەدەکەوتین.

ساڵح محەممەد عێراقی لەو پەیامەیدا ئاماژەى بەوەداوە کە سازان لەگەڵ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ناکات و دەڵێت: "گەڕانەوەى فراکسیۆنى سەدر بۆ پەرلەمان ئەگەرچى ئەگەرێکى بێهێزە، بەڵام بۆ دۆزینەوەى ئەو سازانە لە لایەن ئێمەوە قەدەخەیە و گەڕانەوەیان داخرانێکى سیاسیى دیکە دەبێت".

وەزیرەکەی سەدر دەشڵێت، ئەگەر بگوترێت گەڕانەوەى پەرلەمانتارانى رەوتى سەدر لەپێناو هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانە، نەوەک لەپێناو سازان لەگەڵیان، "من دەڵێم ئەگەر بگەڕێینەوە پێویستە چارەسەرى رازیکەر بێت لە لای هاوپەیمانەکانمان لە سوننە و کورد، بەڵام پێموانییە وابێت؛ ئەگەر واشبێت پێویست بە گەڕانەوەى ئێمە ناکات و تەنیا بە کشانەوەیان [کشانەوەی پارتی و سەروەری] پەرلەمان رەوایەتى نامێنێت و راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە".

وەزیرەکەی سەدر لەسەر زاری موقتەدا سەدرەوە دەڵێت: "هەست بە زۆریى ئەو گوشارانە دەکەین کە لەسەر هاوپەیمانەکانمانە، بەڵام قوربانیدان لەپێناو کێشەکانى هەموو گەل، ئەویش کارێکى پێویست و باشە، ئەوە گەلە دووبارەبوونەوەى رووخسارەکان و پێکھێنانەوەى حکوومەتێکى گەندەڵ رەت دەکاتەوە، نەک رەوتى سەدر. تۆپەکە لە گۆڕەپانى هاوپەیمانەکانماندایە، نەوەک فراکسیۆنى سەدر".

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا کە ئاماژە بە بۆچوونی سەدر دەکات، هاتووە، بۆچوونى کۆتاییان بۆ گەڕانەوەى فراکسیۆنى سەدر بۆ پەرلەمان ئەوەیە کە "بە هەموو جۆرێک قەدەخەیە" لەژێر هەر پاساوێکدا بێت و دەشڵێت: "ئەگەر گەندەڵکاران حکوومەتێکى نا رۆژهەڵاتى و نا رۆژئاوایی زۆرینەى نیشتمانى رەت بکەنەوە؛ ئێمەش بە رەهایی حکوومەتێکى سازان رەتدەکەینەوە."

رێبەرى رەوتى سەدر داوا لە سەربەخۆ و هاوپەیمانەکان دەکات هەڵوێستێکى بوێرانەیان هەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە سەرجەم قەیرانەکە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوکات چارەسەرەکە سەدرییانە نابێت و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان نیشتمانییانە دەبێت و دەشڵێت: "با سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران لە بەڕێوەبردنی حکوومەتێکى کاربەڕێکار بمێننەوە و سەرپەرشتیى هەڵبژاردنى پێشوەخت بکەن بە پاڵپشتیى عێراقی و نێودەوڵەتى و لێرەوە ئیدى پێویست ناکات کە پەنا بۆ رەوتى سەدر و چوارچێوەى هاوئاهەنگى ببردرێت بۆ چارەسەرى کێشەکە؛ کلیلەکە لاى ئەوانەیە کە چارەسەریان بەدەستە، نەک دادگەى بەسیاسی کراو و ترسنۆک یان فراکسیۆنى سەدرى دەستەلەکارکێشاوە".

News Code 6948

Your Comment

You are replying to: .
captcha