پێویستە لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوو گه‌وره‌ به‌رپرسی یه‌كێتی ئەورووپا له‌ عێراق رایانگه‌یاند پێویستە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەبێت هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان پێشەنگ بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی لە ڤیل ڤارجۆلا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و ئاندەرس ویبێرگ، سەرۆکی نوێی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و جانی کایلا هەراکا، ڕاوێژکاری یەکەمی ستراتیژی لە هەماهەنگیی چاکسازیی کەرتی ئاسایش کرد.

له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باس له‌ دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌ گشتی كرا و هەروەها دواین به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونى دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان  تاووتوێ كرا و ڤیل ڤارجۆلا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: "پێویستە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەبێت هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان پێشەنگ بێت".

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆکەدا، ڕه‌وشی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

چاکسازی لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی گرنگی دیدارەکە بوو و د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی شاندی میوانی کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری لە چاکسازی لە کەرتی ئاسایش و پۆلیس لە هەرێمی کوردستان و داواشى له‌ باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد پشتیوانی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و چاودێریی وردی ڕەوشی ماف و ئازادییە گشتییەکان بن.