پارتی و یه‌کێتی وه‌کوو کورد‌ یه‌ک کاندیدیان ده‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆککۆمار
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئێستا لێکتێگه‌یشتنی باش له‌نێوان پارتی و یه‌کێتیدا هه‌یه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر ئێمینکی سه‌باره‌ت بە پۆستی سه‌رۆککۆماری عێراق لە لێدوانێکی بۆ میدیای پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێشتر لێکتێنه‌گه‌یشتن له‌نێوان پارتی و یه‌کێتی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوولا باوه‌ڕیان وایه‌، دۆخی عێراق له‌و ئاسته‌دا نییه‌، پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر پۆست ناکۆکی له‌نێوانیاندا هه‌بێت.

جەعفەر ئێمینکی روونیکرده‌وه‌، ئێستا لێکتێگه‌یشتنی زیاتر له‌نێوان پارتی و یه‌کێتیدا هه‌یه‌، ئه‌نجامی ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ش سوپرازێک بۆ گه‌لی کورد دروست ده‌کات، که وه‌کوو کورد‌ یه‌ک کاندیدیان ده‌بێت بۆ پۆستی سه‌رۆککۆمار.

هه‌روه‌ها گوتی: "پارتی شه‌ڕ بۆ پۆست ناکات، به‌ڵکوو ئێمه‌ له‌سه‌ر کورسی شه‌ڕ بۆ پرسی کورد ده‌که‌ین نه‌ک بۆ حزب".