ئەگەری هەیە ئەمریکا و ئەورووپا پشت لە هەرێمی کوردستان بکەن
بەشی جیهان- ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هۆشداری داوە کە بە ئاوڕدانەوە لەوەی شەڕی ئۆکراینا زۆر بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی گرینگە، چیدی ئەو گوشارەی کە خراوەتە سەر کوردەکانی عێراق بەتایبەت لەلایەن داعشەوە، نەبینرێت و ئەورووپا و ئەمریکییەکان پشت لەم ناوچە کوردییە بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە وتارێکدا هۆشداری داوە لە بوونی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەوەش بەهۆی وازهێنان لەم هەرێمە لەلایەن ڕۆژاواوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هۆشداری داوە کە لە کاتێکدا رۆژئاوا و ئەمریکا پێیان وایە داعشیان لەناوبردووە، ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە نزیک شارە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان لەوان هەولێر و سلێمانی چالاکن. ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ جه‌ختی له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ هاوبه‌شه‌ ئه‌مریکی و ئه‌وروپییەکانی کوردانی عێراق له‌ مەترسیی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان تێناگه‌ن.

هەروەها رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە گوشارەکانی بەغدا کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەوڵی حکوومەتی ناوەندی بۆ بڕینی بودجە و رێگری کردن لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جەختیی کردەوە کە مەبەست لەم کارانە لاواز کردن و دواجار پەراوێزخستنی هەرێمە.

ئەم ڕۆژنامەیە ئیدیعای کردووە کە ئەگەر هەوڵی چەند نوێنەرێکی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی ئەمریکا نەبوایە، کوردەکانی عێراق زۆر لەمێژە دەبوو پەنا بۆ شاخ بەرنەوە.

نووسەری ئەم یاداشتە پێیوایە ڕەنگە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا وا بیربکەنەوە کە لەلایەن بەرەی چەند زلهێزێک لەوان چین، ڕووسیا، تورکیا و ئێرانەوە شەڕێکی جیهانی لە دژی ئەوان هەڵگیرساوە. لەم حاڵەتەدایە کە ڕەنگە هەولێر ناچار بێت خۆی بۆ ئەو ڕووداوە تاڵە ئامادە بکات کە ساڵێک لەمەوبەر لە ئەفغانستان ڕوویدا و ئەمریکا لێی کشایەوە.

نووسەری ئەم یاداشتە پێیوایە نابێت رۆژئاوا تەنیا گرنگی بە ئۆکرانیا بدات، چونکە بە بۆچوونی ئەو هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت لە دابین کردنی نەوت و گاز بۆ ئەورووپا جێگەی رووسیا بگرێتەوە.

لە کۆتاییدا، بێرنارد هێنری لۆی نووسەری فەرەنسی ئەم یاداشتە، سیاسەتی ئێستای ئەمریکای بەرامبەر بە کوردەکانی عێراق بە زیانی کورد و ئەمریکا دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەمریکا لەبەرامبەر ئۆکراینا و هەرێمی کوردستانەوە یەک سیاسەت بگرێتە بەر ئەوەش بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکان واشنتۆن.