پێویستە لە عێراق حکوومەتێک پێکبهێنرێت کە متمانەی هەموو لایەک لەسەر بەرنامەکانی بێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتیی سیادە کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە باره‌گای بارزانی بڵاوی کرده‌وه‌، لە دیدارەکەدا دەرهاوێشتە نەرێنییەکانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوکردنی شێوازە دەستووری و یاساییەکان تاوتوێ کرا. ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و گەییشتن بە چارەسەری وا کە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەکان و بەپێی میکانیزمە دەستوورییەکانی بەر لە پێکهێنانی حکوومەتێک کە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەک لەسەر بەرنامەکانی بێت. جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی کاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کرایەوە.

هەردوولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەکی بنیاتنەرانە لە نزیککردنەوەی بۆچوونی هەموو لایەنەکان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێک کە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان بکات.

بەگوێرە ڕاگەیێندراوەکە هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەکردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەت کردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.