ژمارەی ئەو هێزانەمان کە لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنی چنگ-قوفڵەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون گەیشتە 58 سەرباز
بەشی تورکیا- وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی لە ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی یەکشەممە 11ی ئەیلوولی 2022 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، سێ سەربازی وڵاتەکەی بەناوەکانی "ساڤاش بۆڕڵو" و "هاروون یڵدرم" و "گۆکهان ئاغڵ" لە ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە خاکی هەرێمی کوردستان کوژراون.

وەزارەتەکە برینداربوونی سێ سەربازی دیکەشی راگەیاندووە. بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون گەیشتە 58 سەرباز.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕاشیگەیاندووە هەر لە دەستپێکی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە  439 چەکداری پەکەکە کوژراون.

لای خۆیەوە لە ئامارێکی تەواو جیاوازدا هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی PKKیە هەر لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژرانی 2018 سەربازی تورکیا و 93 چەکدار خۆی راگەیاندووە.